|
هیچ
زیاده‌رۆییه‌کی تێدا نیه ئه‌گه‌ر بگوترێ، جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری له ئێران به
یه‌کێک له ریشه‌دارترین بزوتنه‌وه ره‌سه‌ن و شۆرشگێرییه‌کانی ئه‌م وڵاته
ده‌ژمێردرێ و شوێنه‌وارێکی قووڵی بێ ئه‌ملاولای له‌سه‌ر ره‌وتی په‌ره‌ساندن و
گه‌شه‌ی فیکری و بیروباوه‌ریی و هه‌روه‌ها ئاڵوگۆره کۆمه‌ڵایه‌تی
و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئێران و کوردستان داناوه. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له
مه‌یدانی به‌رامبه‌رکێی نه‌پساوه‌ی خۆیدا زۆر هه‌وراز و لێژی رژد و ئه‌سته‌می
بڕیوه و به‌سه‌ر گه‌لێک بارودۆخی تال و ناهه‌مواردا تێپه‌ڕیوه.
ئه‌گه‌ر باڵای ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه به‌قه‌ده‌ر باڵای ئه‌رک و هه‌وڵی
تاقه‌تپروکێنی چه‌ندین وه‌چه‌ی یه‌ک به‌دوای یه‌ک نیه و له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی هه‌شتا و
چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا یه‌ک‌نایه‌ته‌وه، ئه‌مه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ
ئه‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خته و بۆ ئه‌و بێ ده‌ره‌تان کردنانه‌ی که به‌سه‌ر
بزوتنه‌وه‌که‌دا سه‌پاوه، نه‌ک بێ‌باوه‌ری و نه‌کرده‌یی و خه‌وبرده‌یی. ئه‌م
بزوتنه‌وه‌یه ده‌بوا خه‌باتی نه‌پساوه‌ی خۆی له‌پێناوی ئازادی و عه‌داڵه‌تی
کۆمه‌ڵایه‌تیدا، له ژێر سێبه‌ری هه‌ره ڕه‌شترین دیکتاتۆره ملهوڕه‌کانی
رۆژهه‌ڵاتیدا به‌ڕێوه ببات. ملی ئه‌م رێگا دژواره له‌و کاته‌وه گیراوه‌ته به‌ر،
که ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕی قاجارییه‌کان له دوایین هه‌ناسه‌کانی خۆیدا بوو. له
دیکتاتۆریه ره‌شه‌کانی ره‌زا شا و کوره‌که‌یدا به‌ره‌و پێش برا و هه‌تا ئێستاش و
له‌سه‌رده‌می دیکتاتوری ره‌شی مه‌زهه‌بی کۆماری ئیسلامی‌دا درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌مرۆش
ده‌بینین قایم و پته‌و راوه‌ستاوه و سه‌ره‌رای هه‌موو به‌ربه‌ست و
ته‌نگه‌به‌رییه‌کانی، گه‌لێک نیشانه‌ی هیوا به‌خشی بڕوابه‌خۆئی و خۆوریایی پێوه
دیاره.
بۆ
تێگه‌یشتن له‌م دژوارییانه‌ی که تێپه‌ڕێندراون، بۆ دیتن و گه‌وره‌یی ئیراده و
دژواربوونی ئه‌رکی پێش‌قافڵه‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، جێی خۆیه‌تی ئاوڕێک له
بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری سیاسی، فه‌رهه‌نگی نزیكه‌ی سه‌د ساڵ له‌مه‌و پێشی
ئه‌م وڵاته بده‌ینه‌وه. ئاورێك له‌و رۆژانه بده‌ینه‌وه كه كوشت و بر و
ملهوریه‌تی پاشایه‌تی له گه‌ل بیری ته‌سك و ره‌شی ئاینی هه‌موو كه‌لێن و قوژبنێكی
ئه‌م وڵاته‌یان ته‌نیبوو. ئه‌و كاتانه‌ی كه زه‌برو زه‌نگ و درنده‌یی پاشایه‌تی و
كۆنه‌په‌رستی و ریاكاری مه‌لایه‌تی، به‌جووته كۆمه‌ڵگایان كردبووه مه‌یدانی
ته‌راتێنی خۆیان. به‌ڵێ ئا له‌م رۆژانه و ئا له‌م بارودۆخه دژوار و ئه‌سته‌مه‌دا
بووه كه وه‌چه‌یه‌كی خه‌باتگێری نه‌سره‌وتووی دڵقایم، نه‌مامی ئه‌و داره
ره‌گئاژۆیه‌ی ئه‌مرۆیان به بروا به‌خۆیی و هیوا به دوارۆژێكی گه‌ش رواند، تا
بتوانن ده‌روویه‌ك به‌ره‌و روناكایی بكه‌نه‌وه. ئه‌م داره سه‌ره‌رای تۆفان و
گه‌رده‌لوولی به‌هێز، وێڕای كه‌ش و هه‌وای ژاراوی و ئه‌نگوسته‌چاویی، رۆژ له گه‌ڵ
رۆژ قایمتر و قووڵتر خۆی له ناو كۆمه‌ڵگادا فراژۆ كردۆته‌وه. به‌ڵێ ئه‌م كاروانه
له ئاوها هه‌لومه‌رجێكدا، ده‌بوا به گژ هه‌ورا بچێ، ئامبازی ده‌ریای بێ بواری
دواكه‌وتوویی عه‌ینی و زه‌ینی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه ببێ، هه‌تا رێگای
ده‌ربازبوون له‌م لێره‌واره چڕ و رێده‌رنه‌چووه، به شانه‌كوتێ و پاڵه‌په‌ستوێ
بدۆزرێته‌وه.
لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نیه لیسته‌یه‌ك له كرده‌كان و شوێنه‌واره سیاسی و
فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م چه‌ندین وه‌چه‌یه له‌سه‌ر یه‌ك ریز
بكه‌ین. نامانه‌وێ مێژووی هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ به‌ره‌و پێش بردنی كۆنگره‌ی
دامه‌زراندنی حیزبی كمونیستی ئێران، هه‌شتاو چه‌ند سال به‌ر له ئێستا و كردوكۆشی
پێش‌قافڵه‌كانی ئه‌وانیش هه‌ڵده‌ینه‌وه. گه‌ره‌كمان نیه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و
بارودۆخه‌ی كه یه‌كه‌م ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه بردنی یه‌كه‌م رێپێوانی
هه‌وه‌ڵی مانگی مای به‌رێوه ده‌برا. مه‌به‌ست ده‌ربڕینی سه‌رچڵێكی بچووكه بۆ
یادكردنه‌وه‌ی خه‌باتی ئه‌و ژنان و پیاوانه‌ی كه به ئیراده‌ی پۆڵایین نه‌مامی
ئه‌م رۆژانه‌یان له مێژووی ئه‌م وڵاته‌دا رواند. مه‌به‌ست ئه‌و سه‌ربازه
ونانه‌یه، ئه‌و مرۆڤه نه‌سره‌وتووانه و ئه‌و گیانبه‌ختكردانه‌ی جوولانه‌وه‌ی
كرێكارییه، كه هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆیان، هه‌موو سه‌رمایه‌ی ژیانیان، یانی
گیانی خۆیان له رێگای رزگاری ئه‌م چینه چه‌وساوه و سته‌ملێكراوه‌دا به‌خت كرد.
ئه‌و ئینسانه لێبوردوانه‌ی كه هیچیان بۆ خۆیان نه‌ده‌ویست، به‌ڵام هه‌موو
شتێكیان بۆ هه‌مووان گه‌ره‌ك بوو.
ئه‌مه
دارێكی راسته‌قینه‌یه، به‌هێز و پته‌و و داكوتراوه، به ناخی كۆمه‌ڵگادا رۆچووه
و به‌قه‌د مێژووی خۆی به‌سه‌رهاتی هه‌یه. ده‌بێ ئه‌م مێژووه به‌وجۆره‌ی كه
هه‌بوه، له به‌ستێنی مێژوویی خۆیدا سه‌یر بكرێ و بخوێندرێته‌وه. ته‌نانه‌ت
ده‌توانین و زۆریش به‌جێیه هه‌وڵ بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دوباره‌ی بده‌ین، له كه‌وتن
و هه‌ستانه‌وه‌كانی ده‌رس وه‌رگرین، هه‌تا كه‌ند و له‌ندی رێگای به‌ره‌و پێشچوون
كه‌م و كه‌متر ببێته‌وه. ئه‌م مێژووه گه‌نجینه‌یه‌كی به‌بایه‌خه و لێواولێوه
له ئه‌زمون و كه‌له‌پووری ده‌وڵه‌مه‌ند. ئه‌مانه هه‌مووی به‌قیمه‌تی گیانبازی و
فیداكاری و هه‌وڵ و ماندووبوونی باشترین رۆڵه‌كانی چه‌ندین وه‌چه‌ی ره‌نج و كار،
له‌پێناو به‌خته‌وه‌ری ئه‌م زۆرینه پاماڵكراوه‌ی كۆمه‌ڵگادا هاتۆته دیی.
به‌ڵێ،
ئه‌مه دارێكی ره‌گئاژۆی وڵات داگره. بنه‌ما و ڕه‌چه‌ڵه‌كی زه‌مینی و راسته‌قینه‌ی
خۆی هه‌یه. ده‌زگا سه‌ركوتكاره ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به به‌رده‌وامی نكۆڵی له‌م
بنه‌ما پته‌وه ده‌كه‌ن. به دیاری به‌دفه‌ڕانه‌ی بیانی و كۆڵۆژی ده‌ستی بێگانه و
نه‌بان به كۆمه‌ڵگایان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. به‌م بیانووه درۆیینانه به‌رده‌وام
گۆپاڵی سه‌ركوتانه‌وه و زه‌بروزه‌نگیان له دژی خستۆته گه‌ر، تا پرزه‌ی ئه‌م
بزوتنه‌وه راسته‌قینه‌یه ببڕن. تا بتوانن هیوا به دوارۆژێكی روناك له مێشك و
زه‌ینی كۆمه‌ڵگادا بسڕنه‌وه و قه‌تیسی بكه‌ن. تا وه‌ك دۆڵپای به‌حری خۆیان به‌سه‌ر
شانی كۆمه‌ڵگادا مه‌ڵاس بكه‌ن و زه‌رووئاسا به بێ دڵه‌راوكه ژیانی مفته‌خۆرانه‌ی
خۆیان ببه‌نه پێش.
به‌لام
سه‌یر و مخابن له‌وه‌دایه كه بیرۆكه‌یه‌كی چه‌توون و چه‌وتیش له روانگه‌ی
چه‌په‌وه داری هه‌راجی خستۆته سه‌ر ئه‌و مێژووه و گه‌ره‌كیه‌تی خۆی له ره‌گ و
ریشه‌كانی خۆی داڵبڕ بكات! ئه‌م روانگه‌یه له رۆچكه‌ی خۆمه‌زنی و تووڕه‌یی
روناكبیرانه‌وه وه‌رهاتۆته ریشه‌كانی ئه‌م داره و ده‌یه‌وێ ده‌سپێكی بیروباوه‌ری
«چه‌پ» و رزگاری له چنگ چه‌وساندنه‌وه بگێرێته‌وه بۆ ئه‌و رۆژانه‌ی كه خۆیان
یاخود كۆڕه‌كه‌یان بوون به رێبواری ئه‌و رێگایه. ئه‌مه مێژوویه‌كی چه‌واشه‌یه و
زوڵمێكی گه‌وره‌یه ده‌رحه‌ق به مێژووی راسته‌قینه‌ی روداوه‌كان. دیاره مێژوو
به‌كاوه‌خۆ به‌ڵام به‌رده‌وام و به وردی له ره‌وتی خۆیدایه و گوێ به‌و
بژاركردنه خۆ ویستانه‌یه نادات. مێژوش به ماتریالی چه‌واشه و پینه‌وپه‌ڕۆ
سه‌ریه‌ك نا‌خرێت. له‌م وڵاته‌دا پتر له نه‌ود ساڵه كه تۆوی دموكراتیسمی
شۆڕشگێرانه، سوسیالیسم و كمونیسم چێندراوه، خۆ لادان له‌و راستییه، خۆلادانه
له مێژوو.
ئێستا
له سه‌ره‌تای رۆژانی مانگی مای، رۆژانی پر جۆش و خرۆش و هه‌وڵی هه‌مه لایه‌نه‌ی
هاوپێوه‌ندی جیهانی كرێكاری داین. جێی خۆیه‌تی له‌م رۆژانه‌دا یادێك له‌و
خه‌باتكارانه بكه‌ینه‌وه و رێزیان لێ بگرین كه پتر له هه‌شتا ساڵ به‌ر له
ئێستا خشتی بناخه‌ی ئه‌م یه‌كه‌م رۆژه مه‌زن و مێژوویی و چاره‌نووس‌سازه‌یان
داناوه. هه‌روه‌ها جێی خۆیه‌تی سه‌ری رێز له به‌رامبه‌ر ئازایه‌تی و هه‌وڵ و
ته‌قه‌لای بێ ماندوو بوونی ئه‌و خه‌باتكاره به‌ناو و بێ ناوانه دانه‌وێنین كه
له ژێر سێبه‌ری ره‌ش و نگریس و زه‌بروزه‌نگی درندانه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا به
بڕوایه‌كی پۆڵایین، ره‌وره‌وه‌ی سازكردنی دنیایه‌كی به دوور له بێدادگه‌ری و
چه‌وساندنه‌وه و بێ به‌ری له سته‌می ئینسان به‌سه‌ر ئینسان به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن و
پاڵی پێوه ده‌نێن و له‌م رێگا دژوار و هه‌ڵه‌مووته‌دا بۆ گه‌یشتن به ئازادی و
عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ له گیان و ژیانی خۆیان مایه دابنێن.
ناسری
ئه‌مین نژاد
|